مەریوان؛ زانیار ئەفسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

23:14 - 21 رەزبەر 2724

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "زانیار ئەفسەری" تەمەن ٣٣ ساڵ و کوڕی ئەحمەد، خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: زانیار ئەفسەری لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی زانیار ئەفسەری زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.