سەقز؛ ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

19:44 - 15 رەزبەر 2724

ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز لە ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣دا بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سزای نیشتەجێبوونی زۆرەملێی ئەم چالاکە مەدەنییە، بۆ ماوەی ١٥ مانگ لە شاری باوی سەر بە پارێزگای خووزستان جێبەجێ دەکرێ.

ئەیووب جەوانپوور ڕۆژی شەممە، ٣١ی پووشپەڕ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەیوان جەهانی" بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو، "بەڕێوەبەرایەتیی دوو کەس لە نێوخۆی وڵات بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات"، بە ١٠ ساڵ بەندکرانی داسەپاو، "بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو و "بێڕێزی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.

پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی ناوبراو بەم سزایە، دۆسییەکەی ڕادەستی دادگای پێداچوونەوەی کرا و سزاکەی بۆ سێ مانگ کەم کرابووەوە.

هەروەها ئەیووب جەوانپوور، پووشپەڕی ١٤٠٢ لە دۆسییەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەیوان جەهانی" بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی بە ئەنجامدانی جووڵەی نائاسایی لە ناڕەزایەتییەکان و گوێنەدان بە مەئموورەکانی دەوڵەت لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرک لە ڕێگەی فڕێدانی بەرد" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو و لێدانی ٧٤ قامچێ سزا درابوو.

ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢، لە لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەری ٢ی سەقز بە تۆمەتی "بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و هێنانەخوارەوەی ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزا درا و لە ئەم تۆمەتە بێتاوان ناسرا.

ئەیووب جەوانپوور لە ڕۆژی ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٢یش بە تۆمەتەکانی "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی وڵات و پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بابەت لە دنیای مەجازی" لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفایی" موحاکمە کرا و لە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی وڵات" بێتاوان ناسرا و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بابەت لە دنیای مەجازی" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو و سزای نیشتەجێبوونی زۆرەملێ بۆ ماوەی ١٥ مانگ لە شاری باویی پارێزگای خووزستان وەکوو سزای تەواوەر سزا درابوو کە زۆرترین سزا بە قەبووڵکردنی سزاکە بۆ ٩ مانگ کەم کرایەوە.

ڕۆژی شەممە، ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە، ئەم چالاکە مەدەنییەیان دەسبەسەر کردبوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەیان ڕاگواستبوو.

ئەیووب جەوانپوور، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزراوە.