فەرشید زارعی، لاوی خەڵکی سنە دوابەدوای هێرشی "کەسانی توندئاژۆی سەلەفیی نزیک لە حکوومەت" چووە کۆماوە

19:04 - 8 رەزبەر 2724

ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣، هاووڵاتیی کورد بە ناوی "فەرشید زارعی" خەڵکی سنە لە سێڕێیانی نمەکیی ئەم شارە، کرایە ئامانجی هێرشی "کەسانی سەلەفیی توندئاژۆی نزیک لە حکوومەت" بە "چەقۆ و قەمە" و بە هۆی توندی و زۆریی برینەکانییەوە چووە کۆماوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ ژمارەیەکی زۆر لە "کەسانی توندئاژۆی سەلەفیی نزیک لە حکوومەت" بە بیانووگەلی جۆراوجۆر لەوانە "کفرکردن" ئەم لاوە کوردەیان کردووەتە ئامانجی لێدانی چەقۆ و قەمە و لە ئاکامدا ئەم کوڕە چووەتە کۆماوە.

فەرشید زارعی ئێستا لە دۆخێکی نالەباردایە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنەیە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ کەسانی "توندئاژۆی سەلەفی" بە بیانووگەلی جۆراوجۆر و زۆرتر بە مەبەستی ترساندنی خەڵک، ئەم کارانە دەکەن. لەلایەکی ترەوە بە سەرنجدان بە پێشینەی کردەوەکانی "توندئاژۆ سەلەفییەکان" و ئەوەی کە ئەم کەسانە تاکوو ئێستا لەلایەن هیچ ناوەندێکی حکوومەتی لێپرسینەوەیان لێ نەکراوە، " دەردەکەوێ کە "نزیک" لە حکوومەتن و لە "زۆنی ئەمنی حکوومەت"یدان.

ئەمە چەندەمین جارە کە کەسانی سەر بە گرووپە "توندئاژۆ سەلەفییەکان" لە شارەکانی مەریوان، سنە و سەقز، هاووڵاتییانی مەدەنی دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان و بە چەقۆ لێیان دەدەن.

١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢؛ هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "نەهرۆ ڕۆستەم نژاد"، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی سەقز، لە یەکێک لە پارکەکانی سەقز، کەوتە بەر هێرشی چەند کەس لە کەسانی "توندئاژۆی سەلەفی بە بیری داعشی" و بە هۆی لێدانی چەقۆ لەلایەن ئەم کەسانەوە  بە سەختی بریندار بوو. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم لاوە تەمەن ٢٠ ساڵە، کە لە تاران کرێکاریی کردووە و بۆ سەردانی بنەماڵەکەی گەڕاوەتەوە سەقز، کێشەی لەگەڵ هیچکەس نەبووە، ئەم کەسانەش پاش بریندارکردنی ناوبراو لە پێوەندییەکدا پێیان وتووە کە بە هۆی "کفر کردن" لە تاران کە لە "وێنەکانیدا دیار بووە"، کراوەتە ئامانج. ئەمە لەحاڵێکدایە کە هیچ وێنەیەک لە "کفر کردن"ی ئەم لاوە تەمەن ٢٠ ساڵەیە لەبەر دەستدا نییە.

شەوی سێشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵی کورد بە ناوی "فارووق ڕەشیدی" خەڵکی سەقز لەلایەن کەسانی سەلەفیی توندئاژۆوە کوژرا.

بانەمەڕی ١٤٠٠؛ گرووپێک لە سەلەفییە تووندئاژۆکان بە هاواری "اللە اکبر" بە بیانووی کفرکردن بە شمشێر و قەمە هێرشیان کردە سەر لاوانی گەڕەکی دارسەیران لە مەریوان و یەکێک لە دانیشتووانی ئەم گەڕەکەیان بەسەختی بریندار کرد. لە بەرانبەردا خەڵکی گەڕەکی دارسەیران بە تایبەت ژنان بە بەرد و دار لە بەرانبەریان ڕاوەستان. لە درێژەی هەڕەشەکانی ئەم گرووپە توندئاژۆیانەدا، دیسانەوە لە ١٧ی بانەمەڕدا هێرشیان کردە سەر گەڕەکی دارسەیران بەڵام بە بەرخودانی خۆڕاگرانەی خەڵک ناچار بە پاشەکشە بوون.

٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٠؛ گرووپە توندئاژۆ سەلەفییەکان لە ڕێگای "مەلقەڕەنی"ی شاری سەقز چەند لاویان بە بیانووی خواردنەوەی ئەلکول کردووەتە ئامانج و بەسەختی برینداریان کردوون.

٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠؛ ژمارەیەک لە سەلەفییە توندئاژۆ مەزهەبییەکان لە کاتێکدا کە سواری ماتۆڕ بوون و دروشمی "اللە اکبر"یان وتووەتەوە لە شاری سنە هێرشیان کردە سەر دانیشتووانی گەڕەکی "حاجیاوا"ی ئەم شارە و کەسێکیان بریندار کرد. دانیشتووانی ئەم گەڕەکەش لە بەرانبەر هێرشی ئەم هێزە توندئاژۆیانەدا دوو کەسیان بریندار کرد کە دوابەدوای ڕاگواستنیان بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر، ژمارەیەکی زۆر لە سەلەفییەکان بە چەکی گەرم و سارد لە بەردەم نەخۆشخانەی "کەوسەر" کۆ بوونەوە و شەقامی گەیشتوو بەم نەخۆشخانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە داخرا.

پێشتر کوردپا، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە هۆکاری بەرەوڕوونەبوونەوەی حکوومەت لەگەڵ هاتوچۆ و هێرشی گرووپە توندئاژۆ سەلەفییەکان دژی خەڵک کردووە.