بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

20:02 - 4 رەزبەر 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سروە شیری" تەمەن ٢٢ ساڵ، "پەیمان شیری" تەمەن ١٩ ساڵ و "فەردین شیری" خەڵکی گوندی "تەرەغە" سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "تەرەغە" و ئەم سێ هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم سێ هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراون.

سروە شیری و پەیمان شیری خوشک و برای یەکن و فەردین شیری ئامۆزایانە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: سروە شیری، فەردین شیری و پەیمان شیری