سلێمان سالک لە بەندیخانەی مەهابادەوە نێردرایە مورەخەسی

19:57 - 4 رەزبەر 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەر، سلێمان سالک، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی ئەم شارەوە نێردرایە مورەخەسی.

ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٣، ئەم هاووڵاتییە پاش بانگکران بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی مەهاباد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانە ڕاگوێزرا.

بانەمەڕی ١٤٠٣، ئەم هاووڵاتییە کوردە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەجید ئەمیرمحەممەدی"، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە ڕێگەی "ڕاگرتن و گواستنەوە چەک" بە ١٠ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران" بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا.

سلێمان سالک، بە پشتبەستن بە ماددەی ٤٤٢ی ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، پەسەندکراوی ١٣٩٢، داوای تەسلیمبوون لە بەرانبەر ئەم سزایەی کرد و دادگا بە جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە بە ڕێژەی یەک لەسەر چوار سزاکەی کەم کردووەتەوە و ئەم بڕیارە بۆ سزای ناوبراو جێبەجێ کرا.

سلێمان سالک لەدایکبووی ١٣٣٢ و خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی سیشەممە ٧ی پوشپەڕی ١٤٠١ بە بێ بەڵگەی دادوەری لە جاددەی پیرانشار- مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠١، پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و ڕۆژی شەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠١، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠١، پاش بانگکران بۆ دادگای پیرانشار، دیسانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠١، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.