سەحنە؛ ئەمیرحوسێن حەقجوویان، خاڵۆزای ڕەزا ڕەسایی دەسبەسەر کرا

22:47 - 2 رەزبەر 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەر، ئەمیرحوسێن حەقجوویان، خاڵۆزا و هاوڕێی ڕەزا ڕەسایی ناڕازیی لەسێدارەدراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کارەکەی ئەمیرحوسێن حەق جوویان لە کەمەربەندیی شاری سەحنە لە پارێزگای کرماشان و دەسبەسەریان کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەمیرحوسێن حەقجوویان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ڕەزا ڕەسایی لە ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان لە سێدارە درا.

تەرمی ناوبراو لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە گۆڕستانی "میناباد"ی کرماشان کە زیاتر لە سێ کاتژمێر لە شوێنی نیشتەجێبوونی دوورە، تەنیا بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکەی و پێشگرتن لە ڕێوڕەسمی ئایینی یاری بەخاک سپێردرا و بتۆنی بەسەردا کرا.

کوردپا پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا پەرژابووە سەر لەسێدارەدانی نهێنیی رەزا ڕەسایی هەتا ستەمی حکوومەتی بۆ بەخاکسپاردنی کوردێکی یارسان.