سەقز؛ فەردین مستەفایی، ڕۆژنامه‌وانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

00:32 - 29 خەرمانان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٣، فەردین مستەفایی، بەرپرسی کاناڵی تێلێگرامیی "سەقز ڕووداو" و ئەندامی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەوانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم ڕۆژنامەوانەیان لە یەکێک لە کافەکانی شاری سەقز دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی فەردین مستەفایی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

خەزەڵوەری ١٤٠٢ش، ئەم ڕۆژنامەوانە بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست و تێکدانی بیروڕای گشتی" بانگی پۆلیسی فەتا کرابوو و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.