لە دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا: ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی ژنان و مافی مرۆڤ خوازیاری ئازادیی خێرای ژنانی بەرگریکاری مافی مرۆڤ و پشتیوانی لە مافی ژنان لە ئێراندا بوون

23:46 - 26 خەرمانان 2724

٢٥ی خەرمانان، دوو ساڵ بەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی لە کاتی دەسبەسەرکرانی لەلایەن گەشتی ئێرشاد و ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان کە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەدواوە بوو، تێدەپەڕێ. ناڕەزایەتییەک کە چەخماخەکەی بە ناڕەزایەتیدەربڕینی ژنان و لابردنی سەرپۆشەکانیان و وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی و بانگەوازی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی گرووپە فێمێنیستییەکان لە تاران دەستی پێ کرد و بە خێرایی گەیشتە زانکۆکان و شارە جیاوازەکانی ئێران.

بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی خاڵی بەریەککەوتنی گرووپە جیاوازەکان لە خەڵکی ستەملێکراوی ئێران و ساتێکی گرینگ لە بەرخودان لە بەرانبەر ستەمی زایەندی _ ڕەگەزی، قەومی، مەزهەبی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو. ساتێک کە ژنان بە پشتیوانیی باقی خەڵکی ستەملێکراو لە کورد و بەلووچەوە هەتا مامۆستایان، خوێندکاران و چالاکان لە خەباتێکی گشتیدا دژی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان یەکگرتوو بوون.

لە ڕەوتی ئەم ناڕەزایەتییانەدا، هەزاران کەس لە ناڕازییان دەسبەسەر کران و لانیکەم ١٠ کەس لە ناڕازییانی دەسبەسەرکراو لە سێدارە دران. دەسبەسەرکران و ڕاگرتنی هەزاران کەس لە سەرتاسەری ئێران کە بەپێی خەمڵاندنی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان لانیکەم ٢٠ هەزار کەس بوون، دۆخێکی دژواری لە بەندیخانەکاندا دروست کردبوو. کەمبوونی خۆراک و پێداویستییە بێهداشتیییەکان و تەنانەت جێگەی خەو و ناکارامەیی سیستەمی دادوەری بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی دەسبەسەرکراوان لە کۆتاییدا بووە هۆی ئەوەی کە لە ڕێبەندانی ١٤٠١دا هێزی دادوەریی ئێران، بە ڕاگەیاندنی لێبوردنی گشتی، زیاتر لە ٨٠ لەسەدی ئەو دەسبەسەرکراوانەی کە پێشینەی دەسبەسەرکرانیان نەبوو، ئازاد بکات. بەپێی ئاماری فەرمی لە ڕەوتی ئەم لێبوردنەدا، لانیکەم دۆسییەی ٢٢ هەزار کەس لە ناڕازییان، کەوتە بەر شەپۆلی لێبوردنەوە. ئەگەرچی بەم لێبوردنە گشتییە هەزاران کەسی دەسبەسەرکراو ئازاد کران، بەڵام زۆرێک لە چالاکان و بەتایبەت فێمێنیستەکان و ژنانی بەرگریکاری مافی مرۆڤ کە لە ڕوانگەی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان و بە فێمێنیستیکردنی داخوازییەکانیان کاریگەرییان هەبوو، لە بەندیخانەدا مانەوە یان لە مانگەکانی دواتردا دەسبەسەر کران و خرانە بەندیخانەوە.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا و هاوتەریب لەگەڵ درێژەدانی بەرخودان و خەباتی ڕۆژانەی ژنان لە شەقامەکان بۆ سەپاندنی شێوازی پۆشینی دڵخوازی خۆیان، هاوکات لەگەڵ توندوتیژیی لە ڕادەدەبەدەری پۆلیسی گەشتی ئێرشاد کە پاش ڕاوەستانێکی چەند مانگە جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر شەقامەکانی ئێران، چالاکانی بواری ژنانی دەسبەسەرکراو لە بەندیخانەکانی سەرتاسەری ئێرانیش، خەبات و بەرخودانیان لە نێو بەندیخانەوە درێژە دا و بە بڕوای زۆر کەس پێشەنگی خەبات دژی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و درێژەدەری بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بوون.

ژنانی بەندکراو بە مانگرتن لە خواردن، دەرکردنی بەیاننامە، نامەی ناڕەزایەتیی بەکۆمەڵ و بە مانگرتن لەنێو بەندیخانە و گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتییەکانیان بە دەرەوەی بەندیخانە، گیانێکی دووبارەیان وە بەر بزووتنەوەی سەرکوتکراوی ژن، ژیان، ئازادیدا کردەوە و سەرەڕای سزای قورسی بەندکران، بۆ ساتێکیش لە بەدواداچوون بۆ داخوازییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پاشگەز نەبوونەوە. جیا لەمەش، هەبوونی ئەم ژنانە لە بەندە گشتییەکانی بەندیخانەگەلێکی وەک لاکانی ڕەشت و گێڕانەوەکانیان لە دۆخی بەندیخانە، پێشێلکرانی مافی بەندکراوان و دۆخی نالەباری بەندکراوان لە بەندە گشتییەکانییان دەرخست. ئەوان لە بەندیخانەشدا چالاکانە هەوڵ دەدەن تاکوو دۆخی ژیان لە بەندیخانە بۆ هەموو بەندکراوان، باشتر بکەن. هەر بەم بۆنەوەیە کە ئێستا ڕێژەیەکی بەرچاو لە چالاکانی بەرگریکاری مافی ژنان لە بەندیخانەکانی سەرتاسەری ئێراندان و سزاکانیان تێدەپەڕێنن. لە تاران و بەندیخانەی ئێڤینەوە هەتا ڕەشت و بەندیخانەی لاکان، لە شیراز و بەندیخانەی عادڵ ئابادەوە هەتا بەندیخانەی سپیدار لە خووزستان.

ئێستاکە لانیکەم ٢٥ ژن بەرگریکاری مافی مرۆڤ لە پێوندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بەندیخانەدان و ژمارەیەکی دیکەش لە دادگاکاندا دادگایی کراون و دەبێ ڕەوانەی بەندیخانەکان بکرێن. ژنگەلێک کە بە دامرکانی بزووتنەوەکە لە شەقام و نەمانی فۆکۆس لەسەر دۆخی ئێران، ناویان خەریکە لەبیر دەچێتەوە.

ئیمە واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە، ڕێز لە هەوڵەکانی ژنان دەگرین کە لەگەڵ باقی ژنە چالاکەکانی ئێران لە نەوەکانی تر، ڕۆڵێکی گرینگیان لە ئاگایی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی ئێران لە بیاڤی ژناندا هەیە.

ئێمە ڕێکخراوەکانی بەرگریکاری مافی مرۆڤ داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکەین:

ـ خێرا و بە بێ مەرج هەموو بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە بەندیخانەکانی ئێران و لەوانە ژنانی بەرگریکاری مافی مرۆڤ ئازاد بکات.

ـ کۆتایی بە سیاسەتی هەڵاواردن دژی ژنان و توندوتیژیی سیستماتیک دژی ئەوان لە شەقامەکاندا بێنێ.

ـ مافی هەڵبژاردن و ئازادیی ژنان بۆ جەستەیان بە فەرمی بناسێت و یاسای حیجابی زۆرەملێ کە زیاتر لە ٤ دەیە ژیانی ڕۆژانەی ژنانی ئێرانی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە هەڵوەشینێتەوە.

سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان هەڵوەشێنێتەوە و کۆتایی بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان دژی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ وەک شەریفە محەممەدی بێنێت.

ئێمە هەروەها داوا لە ڕێکخراوە مافی مرۆییە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان دەکەین کە بەدواداچوون بۆ هەواڵی دۆخی دەسبەسەرکراوان بکەن و بۆ ئازادیی ئەوان گوشار بخەنە سەر بەرپرسانی ئێرانی. ئێمە گرووپ و ڕێکخراوە فێمێنیستییەکانیش بانگهێشت دەکەین تاکوو بە شێوەی جیاواز لە دەرکردنی بەیاننامەوە هەتا بەڕێوەبردنی گردبوونەوە، درێژە بە پشتیوانی لە مافی ژنانی ئێران و داواکارییەکانیان بۆ ئازادیی پۆشش و خودموختاری جەستەییان بدەن.

واژۆکەران؛

ARC-Asia Protection Network for Artists at Risk Connection
AWID
Femena
Front Line Defenders
Gulf Centre for Human Rights
Human Rights Watch
Kurdistan Human rights Network
Kurdpa
Miaan Group
OMCT
Regional Coalition of WHRDs in SWANA (MENA) Region
Women Human Rights Defenders International Coalition (WHRDIC)