٣٢ ساڵ بەسەر تێرۆری میکۆنۆسدا تێپەڕی

23:43 - 26 خەرمانان 2724

٣٢ ساڵ پیش ئێستا لە ڕێستوورانی میکۆنۆسدا، دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، فەتاح عەبدولی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئورووپا، هومایوون ئەردەڵان نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان و نووری دێهکۆردی چالاکی سیاسی لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بێرلینی ئاڵمان تێرۆر کران.

ڕۆژێک پاش تێرۆری ڕێبەرانی کورد لە ڕێستوورانی میکۆنۆس، کۆمیسیۆنیێک بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بکەرانی ئەم تێرۆرە لەژێر چاوەدێریی دادستانی گشتی و ئیدارەی ئاگایی بێرلین پێک هات و ڕەزبەری ١٣٧١، کازم دارابی ئەندامی فەرمیی واواک و سپای پاسداران، لەگەڵ چوار کەسی لوبنانی بە ناوەکانی عەباس ڕاحیل، یووسف ئەمین، عەتائۆڵڵا ئەیاد و محەممەد عەتریس بە تاوانی دەستێدابوون لە تێرۆری میکۆنۆس و پلانداڕشتن بۆ ئەم تێرۆرە لەلایەن پۆلیسی ئاڵمانەوە دەسبەسەر کران.

پاش ١٣ مانگ و چەند ڕۆژ بەدواداچوون و پاش تەواوبوونی دۆسییەی میکۆنۆس، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ئۆکتۆبری ١٩٩٣، دادگای میکۆنۆس لە شوێنی دادگای تاوانەکانی شاری بێرلین، بەفەرمی دەستی بە کار کرد، دادگایەک کە سەرجەم ٢٤٧ کۆبوونەوەی پێک هێنا و ١٧٦ کەس وەک شاهید لەم دادگایەدا شاهیدییان دا.

ڕۆژی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٧٦، دەنگی کۆتایی دادگای میکۆنۆس دەر کرا و سزای دادگا بەم شێوەیە بە تاوانباران ڕاگەیەندرا:

١ـ کازم دارابی ؛ بەندکرانی هەتاهەتایی

٢ـ عەباس ڕاحیل؛ بەندکرانی هەتاهەتایی

٣ـ یووسف ئەمین؛ ١١ ساڵ بەندکران

٤ـ محەممەد عەتریس؛ ٥ ساڵ و ٣ مانگ بەدنکران

٥ـ عەتائۆڵڵا ئەیاد؛ ئازاد بکرێ

داداگای میکۆنۆس هەروەها بە ڕاشکاوی وەزارەتی ئیتلاعاتی بە بەرپرسی جێبەجێکرانی پپیلانی تێرۆر لە ڕێستوورانی میکۆنۆس زانی و عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، سەرۆککۆماری ئەوکات، عەلی فەلاحییان وەزیری ئەوکاتی ئیتلاعات، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی وەکوو فەرماندەرانی ئەم تێرۆرە ناساند.

سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٦ کازم دارابی لە سزادراوانی تێرۆری میکۆنۆس پاش ١٥ ساڵ بەندکران ئازاد کرا و گەڕایەوە تاران و لە فڕۆکەخانەدا لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە پێشوازیی لێ کرا.

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٨، کتێبی "نقاشی قهوەخانە" سەبارەت بە تێرۆری میکۆنۆس بە پشتبەستن بە گێڕانەوەی کازم دارابی، هەواهەنگکەری تێرۆری میکۆنۆس پەردەی لەسەر لا درا و ڕێکخراوی "دادپەروەی بۆ ئێران" بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبەی بە مەبەستی "پاککردنەوەی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆری میکۆنۆس بە پشتبەستن بە گێڕانەوەی تێرۆریست" ناو برد.