مەنیژە خۆشنوود بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

12:20 - 18 خەرمانان 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان به دانانی بارمته به شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٣، ئەم ژنە کوردە پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ زیندانی بۆکان ڕاگویزرابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: مەنیژە خۆشنوود لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، مەنیژە خۆشنوود، ژنی کوردی تەمەن ٥٦ ساڵ، خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر کەرەستە تاکەکەسییەکانی ناوبراو لەوانە مۆبایلەکەیدا گرتووە.

تاکوو ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکرانی مەنیژە خۆشنوود نادیارە.