مامۆستا سابیر خودامورادی بە ١٥ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا

18:27 - 8 خەرمانان 2724

مامۆستا سابیر خودامورادی، پێشنوێژی شارەکی قەوەخی شاری سەقز، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بە ١٥ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە کاناڵی تێلێگرامەکەی خۆیدا ڕایگەیاندووە: دوابەدوای پێوەندیی تلفۆنی لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١٥ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.

پووشپەڕی ١٤٠٢، مامۆستا سابیر خودامورادی بانگی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٢، ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی بیری گشتی" بە ٧ مانگ و نیو بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ٧٤ قامچیی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٣ ساڵ سزا درابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢، ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە، بۆ سێیەمین جار بە هۆی پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە وتاری نوێژی هەینیدا بانگی دادگای تایبەتی هەمەدان کرا.