سنە؛ مەجید کەریمی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان لە دادگای پێداچوونەوەدا بێتاوان ناسرا

02:22 - 30 گەلاوێژ 2724

مەجید کەریمی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان_سنە و کەڵاتەرزان لە دادگای پێداچوونەوەی سنەدا بێتاوان ناسرا.

ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە سێ مانگ بەندکران بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا درا و ئەم سزایە لە ڕۆژی ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣دا بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

دادگا بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزا سەپێندراوەکان، سزای بەندکرانی ئەم چالاکە سێنفییەی بۆ پێبژاردنی ٨ میلیۆن تمەن سزای نەختی گۆڕی.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠١، مەجید کەریمی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایان پاش یەک حەفتە ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعاتی سنە ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا و ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

ئەم چالاکە سێنفییە پووشپەڕی ١٤٠١، بانگی لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە کرابوو.