بۆکان؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی مەنیژە خۆشنوود

23:27 - 24 گەلاوێژ 2724

مەنیژە خۆشنوود، ژنی کوردی خەڵکی بۆکان، هێشتا دەسبەسەرە و چارەنووسی ناڕوونە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ناوبرای بەدواوە بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەم ژنە کوردە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە بۆکان و ورمێیان کردووە بەڵام وڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: مەنیژە خۆشنوود لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و بنەماڵەکەی سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەکیان لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، مەنیژە خۆشنوود، ژنی کوردی تەمەن ٥٦ ساڵ، خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر کەرەستە تاکەکەسییەکانی ناوبراو لەوانە مۆبایلەکەیدا گرتووە.

تاکوو ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکرانی مەنیژە خۆشنوود نادیارە.