مەهاباد؛ سەپاندنی حیجاب بە ناردنی هۆشدار و بانگکردن لە بەرەبەری خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکان

11:14 - 15 پووشپەڕ 2724

لە بەرەبەری خولی دووهەمی چوارەدەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، حکوومەت بە جێبەجیکردنی "گەڵاڵەی نوور" لە شاری مەهاباد، بەرەوڕووی "بەدحیجابی" دەبێتەوە و وەک تاوانی دەناسێ و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا زۆربەی خاوەن ماشینەکان بە هۆی "بەدحیجابی"ییەوە هۆشداریان پێ دراوە و بانگ کراون.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە مەهابادەوە گەیشتووە، ژمارەیەک لە ماشینە شەخسییەکان کە ژنان تێیاندا حیجابیان ڕەچاو نەکردووە، لەلایەن هێزی ئینتیزامییەوە کورتەنامەی هۆشدار و بانگکرانیان پێ گەیشتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناسینەوەی ئەم ماشینانە زیاتر لە ڕێگەی گرتنی وێنە لە پلاکی ماشینەکان و سەرنشینەکانیان بووە. بەرەوڕووبوونەوەی هێزە ئینتیزامییەکان سەرەتا لە ڕێگەی ناردنی کورتەنامەی هۆشداریدانەوە بۆ خاوەنی ماشینەکان بووە، بەڵام کاتێ کە سەرنشینی ماشینەکان دیسانەوە بە بێ حیجاب بینراون، جگە لە کورتەنامەی هۆشدار، خاوەنی ماشینەکان لە ڕێگەی کورتەنامەوە بانگ کراون.

یەکێک لە خاوەن ماشینەکان کە کورتەنامەی هۆشداری پێگەیشتووە و بانگ کراوە بە کوردپای وت؛ "کورتەنامەیەکی زۆریان بۆ ناردبووم و بە هۆی گۆڕینی پلاکی ماشینەکەم ناچار بووم سەردانی هێزی ئینتیزامی بکەم. لەوێ پێیان وتم کە بە تاوانی "بێ حیجابی" ماشینەکەت بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ ڕائەگیرێ. شتێک کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام ڕێژەی زۆری خەڵک بوو کە بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە شاری مەهاباد، بانگی هێزی ئینتیزامی کرابوون.

بەپێی جێبەجێکردنی "گەڵاڵەی نوور" لە ئەگەری ئامادەنەبوون و پێنەدانی بەڵێننامەی نووسراو لەلایەن خاوەنی ماشینەکانەوە بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکان، ماشینەکان لانیزۆر هەتا یەک مانگ لە ڕێکەوتی گەیشتنی کورتەنامەکەوە ڕائەگیرێن و بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ دەگوازرێنەوە بۆ پارکینگ.

سەپاندنی حیجابی زۆرەملی دژی ژنان و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ "بەد حیجابی" لە سەرەتای هاتنەسەرکاری حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوازی جۆراوجۆر جێبەجێ کراوە.

ئەم گەڵاڵانە زیاتر لە ساڵەکان و دەیەکانی ڕابردوودا لە تاران و شارە گەورەکان باو بووە و لە ڕێگەی کامێراکان، ڕاپۆرتەکان و هەڵسوکەوتی فەرماندەرانی "امر بە معروف و نهی از منکر"، ناردنی کورتەنامە و ... جێبەجێ کراوە کە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بۆ هەڵبژاردنی پۆششی دڵخوازی خۆیان لەگەڵ سزا و توندوتیژیی حکوومەتی بەرەوڕوو ببنەوە.

بەڵام جێبەجێکرانی ئەم گەڵاڵانە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان باو نەبووە  و بە وتەی شایەتحاڵان تەنانەت لە لووتکەی بەرەوڕووبوونەوەی گەشتی ئێرشاد لەگەڵ بی حیجابی، ئەم شتە نەبینراوە. سەرەڕای ئەمە لە بانەمەڕی ١٤٠٣ لە هەندێک لە شارەکانی کوردستاندا وەک مەهاباد، ماشینەکانی گەشتی ئێرشاد و فەرماندەرانی "امر بە معروف و نهی از منکر" لە شەقامەکان و گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شار وەک فەلەکەی شارەداری و چوارڕێیانی ئازادی بۆ ماوەی چەند ڕۆژ جێگیر کراون و دواتر ئەم شوێنانەیان بەجێ هێشتوون.

ئێستا و لەکاتێکدا کە حکوومەت لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندایە، گوشار و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بە شێوەی  داخراو لە شاری مەهاباد زۆر بووەتەوە.

گەڵاڵەی نوور یەکێک لە گەڵاڵەکان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بێ حیجابییە کە لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی و پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن گەشتی ئێرشاد و هێزی ئینتیزامییەوە جێبەجێ کراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، پێشتر کوردپا ڕاپۆرتێکی لە سەپانددنی حیجابی زۆرەملی لە سنە بڵاو کردبووەوە.

ئامادەکردن؛ سارا کەریمی