بەندیخانەی ورمێ؛ سێ چالاکی مەزهەبیی کورد بە "بەغی" تۆمەتبار کران

00:33 - 10 گەلاوێژ 2724

دوو مامۆستای ئایینیی کورد بە ناوەکانی "حوسێن خوسرەوی" و "سلێمان ئەدهەمی" لەگەڵ چالاکێکی مەزهەبی بە ناوی "هیوا نووری" کە لە بەندیخانەی ورمێ دەسبەسەرن، بە "بەغی" تۆمەتبار کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم سێ چالاکە مەزهەبییە، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بۆکان دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە سەرەتا بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی بۆکان و دواتر بۆ گرتنگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە لە ورمێ ڕاگوێزران.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم چالاکە مەزهەبییانە زیاتر لە سێ مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژیر گوشار و ئەشکەنجەدا بوون و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزران.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: داواکاریی ئەم سێ چالاکە مەزهەبییە بە تۆمەتەکانی "بەغی"، "ئەندامەتی لە گرووپە تەندئاژۆ ئیسلامییەکان" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" دەر کراوە و ڕادەستی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم سێ چالاکە مەزهەبییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەری کراون.

حوسێن خوسرەوی و سلێمان ئەدهەمی، پێشنوێژی مزگەوتەکانی گوندەکانی دەوروبەری بانە و بۆکان بوون.