سزای لەسێدارەدرانی دانیال کازمی‌نژاد لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان جێبەجێ کرا

00:20 - 2 گەلاوێژ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک بە ناوی "دانیال کازمی‌نژاد" خەڵکی گوندی "لوڕ" سەر بە شاری شاباد بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و مافی ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان جێبەجێ کرا.

ئەم بەندکراوە تەمەن ٣٠ ساڵە، لە ڕۆژی ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا لە سنووری کوتولی خۆی، لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"ی بەسیجییەک بە ناوی "سەجاد ئەمیری" بە لەسێدارەدران سزا درا.

ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم بەندکراوە لە گوندی "لوڕ" سەر بە شاری شاباد بەڕێوە چوو.

لە ڕۆژی ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا، بەسیجییەک بە ناوی "سەجاد ئەمیری" لە یەکێک لە شارۆچکەکانی دەوروبەری شاری کرماشان کوژرا و لە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا میدیا حکوومەتییەکان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک باسیان لە دەسبەسەرکرانی دانیال کازمی‌نژاد لە کاتی چوونەدەرەوە لە وڵات لە سنووری کوتولی خۆی کرد.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.