ڕێبوار ڕەشیدی، کاسبکاری بریندار پاش ١٥ ڕۆژ مانەوە لە کۆمادا، گیانی لەدەست دا

18:30 - 31 پووشپەڕ 2724

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٣، ڕێبوار ڕەشیدی، کاسبکاری برینداربوو لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لاقێکی بڕدرابووەوە و لە کۆمادا بوو، پاش ١٥ ڕۆژ گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕێبوار ڕەشیدی کە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣ بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بریندار ببوو، سەرەڕای ئەوەی کە لاقی لە سەرەوەی ئەژنۆیەوە بڕدرابووەوە و لە کۆمادا بوو و ئاستی وشیاریشی ٥ ڕاگەیەندرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی تاپڕەکە لە پشتی ناوبراو، سیییەکانی تووشی چڵک ببوون و چووبووە کۆماوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی ئەم کۆڵبەرە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و پێشتریش ئیزن بە کەس نەدرابوو کە لە نەخۆشخانەی سنەدا چاوی پێ بکەوێ.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣، بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە سنووری بانە تەقەیان لەم کۆڵبەرە کرد.

ڕێبوار ڕەشیدی، خەڵکی بانە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

بەپێی ئاماری بڵاوکراو لەلایەن کوردپاوە، لە ٦ مانگی یەکەمی ٢٠٢٤دا، سەرجەم ١٢ کاسبکار و هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و بریندار کراون.

هەروەها لە ٦ مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، ٣٣ کۆڵبەر کوژراون و ٢٥٤ کەسی دیکەش بریندار کراون.