۱۲ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۷ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «حەمزه دەرویشی»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لەم ماوەیەدا تەنانەت پەیوەندییەکی تلفۆنیی کورتیشی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ «حەمزه دەرویشی» زیاتر لە ۱۷ ڕۆژ پێش، ئەگەری زۆرە لە ڕێکەوتی ۲۷ی گەلاوێژی ١٤٠٥دا، بانگی ئیتلاعاتی پیرانشار کراوە و پاشان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و لە مافی هەر جۆرە پەیوەندی و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.
بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، حەمزه دەرویشی مامی «یوونس دەرویشی»، چالاکوانی سیاسیی دەرەوەی ئێرانە. لەم دواییانەدا، لە ۸ی خەرمانانی ١٤٠٥دا، کەناڵە تێلێگرامییەکانی سەر بە حکوومەت، لەوانە کەناڵی «دیارونادیار»، وێنەیەکی «یوونس دەرویشی»یان بڵاو کردووەتەوە و لە سەرچاوە «دامەزراوە ئەمنییەکان»ەوە نووسیویانە کە بەو کەسانەی بتوانن «سزای بدەن و لەناوی ببەن»، «پاداشتی چەند دە هەزار دۆلاری» دەدرێت.
حەمزه دەرویشی خێزاندارە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەسەر دەسبەسەرکران و بارودۆخی ناوبراو هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها هێشتا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە.



-1280x720-640x360.jpg)

-1280x720-640x360.png)