ڕێبوار ڕەشیدی، کاسبکاری برینداربوو لە سنووری بانە بە لاقێکی بڕدراوەوە لە کۆمادایە

01:01 - 30 پووشپەڕ 2724

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستی کوردپا گەیشتوون، ڕێبوار ڕەشیدی، کاسبکاری برینداربوو لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە، بە لاقێکی بڕدراوەوە لە نەخۆشخانەی سنە لە کۆمادایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە ئاخرین دۆخی ڕێبوار ڕەشیدی لە نەخۆشخانەی سنە بە کوردپای وت؛ ڕێبوار ڕەشیدی کە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣، لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکاندا لە سنووری "هەنگەژاڵ" بە چەکی تاپڕ بریندار کرابوو، سەرەڕای ئەوەی کە لاقی لە سەرەوەی ئەژنۆیەوە بڕدراوەتەوە، ئێستا لە کۆمادایە و ئاستی وشیاریشی ٥ ڕاگەیەندراوە. چونکە بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی تاپڕەکە لە پشتی، سیییەکانی تووشی چڵک بوونە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ، ئیزن بە کەس نادرێت کە لە نەخۆشخانەی سنەدا چاوی پێ بکەوێ.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣، بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە سنووری بانە تەقەیان لەم کۆڵبەرە کرد.

ڕێبوار ڕەشیدی، خەڵکی بانە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

بەپێی ئاماری بڵاوکراو لەلایەن کوردپاوە، لە ٦ مانگی یەکەمی ٢٠٢٤دا، سەرجەم ١٢ کاسبکار و هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و بریندار کراون.

هەروەها لە ٦ مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، ٣٣ کۆڵبەر کوژراون و ٢٥٤ کەسی دیکەش بریندار کراون.