بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەسبەسەرکراوانی شنۆ بۆ ٥ کەس لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا
بە دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی "حەسەن نووران" سەر بە شاری شنۆ، ڕێژەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە لە ماوەی دوو ڕۆژدا گەیشتە ٥ کەس.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣، "سەلیم زولقەرنەین" و "سابیر زولقەرنەین" خەڵکی گوندی "حەسەن نووران"ی شنۆ بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
پێشتر کوردپا لە هەواڵێکدا رایگەیاندبوو کە سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس کارساز"، "محەممەد ڕەسووڵپوور" و "کەماڵ عوقابی" خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شاری شنۆ هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئیدریس کارساز و دەسبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان شەوی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٣، بە بێ بەڵگەی یاسایی محەممەد ڕەسووڵپوور کوڕی مستەفا و خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا"ی شنۆ و کەماڵ عوقابی کوڕی حوسێن خەڵکی گوندی "بالاگیر"ی شنۆیان دەسبەسەر کردووە.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە دەڵێ، ئەگەری هەیە کە دەسبەسەرکرانی ئەم کەسانە پێوەندیی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزەوە هەبێ، چونکە لەم گوندانەدا ڕێوڕەسمی نەورۆزی بەڕێوە چوو.
وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ:سەلیم زولقەرنەین، سابیر زولقەرنەین، محەممەد ڕەسووڵپوور، کەماڵ عوقابی و ئیدریس کارساز