پیرانشار؛ کۆماری ئیسلامی بە زۆر ئاڵای خۆی لەسەر دەرکەی ماڵی بەندکراوێکی سیاسی هەڵواسیوە

00:53 - 30 پووشپەڕ 2724

بەپێی ڤیدیۆ و زانیارییەکان کە بەدەستی کوردپا گەیشتوون، هێزە ئەمنییەتییەکان بە زۆر ئاڵای کۆماری ئیسلامییان لەسەر دەرکەی ماڵی بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی "سینا دەشمیر"، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە گوندی "گەزگەسک" سەر بە شاری پیرانشار هەڵواسیوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر بەندکراوانی سیاسی و ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، "موجتەبا مەحموودی قەلقاچی"، دادستانی پیرانشار، لە کاتی مورەخەسیدا بە بانگهێشتکردنی سینا دەشمیر، بەندکراوی سیاسی بۆ دادگای پیرانشار، ناوبراو دەخاتە ژێر گوشارەوە تاکوو ئاڵای کۆماری ئیسلامی لەسەر دەرکەی ماڵەکەی هەڵواسێ و ئەگەر ئەم کارە نەکات، خۆیان جێبەجێی دەکەن.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ پاش ئەوەی کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لەم کارە خۆی دەبوێرێ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە چوونە بەر ماڵی ناوبراو، بە زۆر و هەڕەشە ئاڵای کۆماری ئیسلامی لەسەر دەرکەی ماڵەکەی هەڵدەواسن.

ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، سینا دەشمیر، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "گەزگەسک" سەر بە شاری پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.

ئەم لاوە کوردە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەمیر ئوجاقلوو" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٤٠ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "دروشم نووسین و هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ٣٥ مانگ بەندکران سزا درابوو.

هەروەها سینا دەشمیر لە دۆسییەیەکی دیکەدا سەبارەت بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی "ڕەزا قەهرەمانی  ساعەتلوو" بە پێبژاردنی ٥٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە حیسابی سندووقی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە جیاتی ٣ مانگ بەندکرانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچیی تەعزیری بە دوور لە چاوی خەڵک و لە شوینێکی بەستراودا و جگە لە دەموچاو و شوێنە هەستیارەکانی لەشی سزا درابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم لاوە کوردە بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.