ئیسماعیل مەعرووفی، مامۆستای خانەنشینکراوی قوتابخانەکانی پیرانشار بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

00:43 - 30 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣،  ئیسماعیل مەعرووفی، مامۆستای خانەنشینکراوی قوتابخانەکانی پیرانشار بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەم مامۆستایە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی ورمێ ڕاگوێزراوە و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کراوە.

شەوی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هێزەکانی ئیتلاعاتی پیرانشار، کاتژمێر ١١ی شەو هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم مامۆستایە و پاش پشکنینی ماڵەکەی و دەستداگرتن بەسەر مۆبایلەکەیدا، ئەم مامۆستا خانەنشینکراوەیان بە بێڕێزیکردنەوە دەسبەسەر کردووە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئیسماعیل مەعرووفی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

شایانی ئاماژەیە کە ئیسماعیل مەعرووفی زیاتر لە ٣٠ ساڵ پێشینەی مامۆستایەتیی لە قوتابخانەکانی پیرانشار و گوندەکانی دەوروبەری هەیە.