دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شنۆ

18:02 - 13 پووشپەڕ 2724

سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس کارساز"، "محەممەد ڕەسووڵپوور" و "کەماڵ عوقابی" خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شاری شنۆ هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئیدریس کارساز و دەسبەسەریان کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان شەوی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٣، بە بێ بەڵگەی یاسایی محەممەد ڕەسووڵپوور کوڕی مستەفا و خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا"ی شنۆ و کەماڵ عوقابی کوڕی حوسێن خەڵکی گوندی "بالاگیر"ی شنۆیان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: محەممەد ڕەسووڵپوور، کەماڵ عوقابی و ئیدریس کارساز