سەردەشت؛ بانگکرانی مامۆستا سەلام مەحموودیان و مامۆستا حەسەن خزری بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ

17:57 - 13 پووشپەڕ 2724

دوو کەس لە مامۆستایانی سوننە مەزهەبی خەڵکی سەردەشت، کە لە بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی''دا پشتیوانیی خەڵکیان دەکرد، بۆ چەندەمین جار بانگی دادگای ڕوحانییەتی ورمێ کران.

بەە وتەی سەرجاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ مامۆستا دوکتور سەلام مەحموودیان پێشنوێژی هەینیی گوندی "بێورانی خوارێ" و مامۆستا حەسەن خزری پێشنوێژی هەینیی گوندی "بێورانی سەرێ" سەر بە  شاری سەردەشت کە لە پێوەندی لەگەڵ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ڕووبەڕووی دۆسییەیەکی ئەمنییەتی بوونەتەوە، بانگی دادگای تایبەتی ڕوحانییەتی ورمێ کراون.

ئەم دوو مامۆستا سوننە مەزهەبە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١دا بە هۆی پشتیوانی لە خەڵک و خۆپیشاندەران و برینداران و کەسوکاری کوژراوەکان چەندین جار بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی شاری سەردەشت کران و پاش هەڕەشە و گوشاری ئەمنییەتی ڕووبەڕووی دۆسییەی ئەمنییەتی - قەزایی لە دادگای ڕوحانییەتی ورمێ بوونەتەوە.

ئەم دوو مامۆستا ئایینییە کوردە بەپێی نامەیەک کە بە دەستیان گەیشتووە دەبێ ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣، لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ ئامادە بن.

ئەم دوو مامۆستا ئایینییە چەندین جار ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە کوشتنی کۆڵبەران لە کوردستان دەربڕیوە.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕاپۆرتێک لە سێناریۆسازی دژی مامۆستایانی سوننە مەزهەبی بە پشتبەستن بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان دژی مامۆستا محەممەد خزرنژاد بخوێننەوە کە پێشتر لە کوردپادا بڵاو کراوەتەوە.