فەرهاد شێخی بە بەندکران و سزای تەکمیلی سزا درا
فەرهاد شێخی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز و دانیشتووی هەشتگردی کەرەج لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی کەرەجەوە بە یەک ساڵ بەندکران و سزای تەکمیلی سزا درا.
بەپێی سزای دیاریکراو، ئەم چالاکە کرێکارییە بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" بە یەک ساڵ بەندکران، دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، دوو ساڵ دوورخرانەوە و ژیانی زۆرەملێ لە شاری دیواندەرە و قەدەغەکردنی ژیان لە پارێزگاکانی ئەلبورز و تاران بۆ ماوەی دوو ساڵ سزا دراوە.
حەفتەی ڕابردوو، سزای دادگای سەرەتایی بەم چالاکە کرێکارییە ڕاگەیەندرا و خۆی دەتوانێ دژی حوکمی دەرکراو لە دادگای پێداچوونەوەدا ناڕەزایەتی دەرببرێ.
کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە کرێکارییە لە ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی کەرەج بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئاسف حوسێنی" بەڕێوە چووبوو.
پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢، لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای هەشتگرد، بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی" حوکمی دەسبەسەرکرانی بۆ "فەرهاد شێخی" دەرکرد.
فەرهاد شێخی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢، لە ماڵەکەی خۆیدا لە هەشتگردی کەرەج لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی جۆزەردانی هەمان ساڵ پاش ١٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕەجایی شار و ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج، بە شێوەی کاتی بە کەفاڵەتی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی" ئازاد کرا.
فەرهاد شێخی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١یش دوابەدوای دەرچوونی بەخشنامەی لێبوردن لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ئازاد کرابوو.