مەریوان؛ دەسبەسەرکرانی ئیدریس دادڕەس لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

14:00 - 5 پووشپەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئیدریس دادڕەس" خەڵکی گوندی "سەردۆش" و دانیشتووی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە مەیدانی "جەهاد"ی مەریوان و دەسبەسەریان کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردەدا، لە پێش چاوی ئەندامانی بنەماڵەکەی لێیان داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان مۆبایلی ئەم هاووڵاتییەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئیدریس دادڕەس، کوڕی سابیر، خێزاندارە و ٥ منداڵی هەیە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئیدریس دادڕەس، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.