سزای بەندکرانی ئیسماعیل نەبیزادە بۆ زیندانی باز گۆڕدرا

20:07 - 28 جۆزەردان 2724

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای بەندکرانی ئیسماعیل نەبیزادە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشار بۆ زیندانی باز گۆڕدرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش تێپەڕاندنی یەک ساڵ و ٩ مانگ بەندکران، داواکاریی زیندانی باز بۆ ئەم بەندکراوە سیاسییە قەبووڵ کراوە و ناوبراو ئەو ماوەی لە سزاکەی کە ماوە لە دەرەوەی بەندیخانە تێدەپەڕێنێت.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: داواکاریی زیندانی بازی ئەم بەندکراوە بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بووە.

ئیسماعیل نەبیزادە، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە و دواتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ بەندکران سزا درابوو.