کرماشان؛ دەسبەسەرکرانی دووبارەی شوجاع و پووریا منەتی، دوو بەندکراوی سیاسی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

10:19 - 26 جۆزەردان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣، دوو برای بەندکراوی سیاسیی یارسان، خەڵکی شاری سەحنە بە ناوەکانی "شوجاع و پووریا منەتی" کە بە کەڵکوەرگرتن لە زیندانی باز (رأی باز)، خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان بوون، پاش ئامادەبوونی ڕۆژانە لە بەندیخانەی "چشمە سفید"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی گشتیی پارێزگای کرماشان لە مەیدانی نەفت ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم دوو برا بەندکراوە لە خەزەڵوەری ١٤٠١دا بە هۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی ڕێوڕەسمی ٢١ـەمین ساڵوەگەڕی گیانلەدەستدانی سەید خەلیل عالینژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی یارسان دەسبەسەر کرابوون. دواتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای سزاکانی کرماشانەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە یەک ساڵ بەندکرانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی سزا دران.

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، سزای ئەم دوو برایە بە شێوەی زیندانی باز (رأی باز)، لە بەندیخانەی "چشمە سفید"ی کرماشان جێبەجێ کرا و ئەوان دەبایە ڕۆژانە خۆیان بەم بەندیخانەیە بناسێنن.

لە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا و لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢١ـەمین ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالینژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کوردی یارسان لە شاری سەحنە کە بە بەشداریی چەند هەزار کەسیی خەڵک تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی بوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتی _ سەرکوتکەرەکانەوە هێرشیان کرایە سەر و بە گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی شەڕ تێکەڵی توندوتیژی بوو. کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان هەر لەم پێوەندییەدا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "لەم توندوتیژییەدا دەیان کەس دەسبەسەر کران و چەندین کەسیش کوژران و بریندار بوون کە بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای شاری سەحنە یەکێک لە کوژراوانی ئەم توندوتیژییە بوو."

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: پووریا و شوجاع منەتی