گوشاری ئەمنییەتی و دۆسییەسازیی نوێ دژی هێمن خاستان لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

21:15 - 19 جۆزەردان 2724

هێمن خاستان، چالاکی مەدەنی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەکاتێکدا کە پێشتر بە ٧٤ مانگ و ٣ ڕۆژ بەندکران سزا درابوو، دیسانەوە لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "چالاکی دژی نیزام" و "چالاکی لە گرووپە دژبەرەکان" ڕووبەڕووی دۆسییەسازیی نوێ بووەتەوە و بە بەڵگەی یاسایی بانگی دادگای ئینقلابی سنە کراوە.

بەپێی ئەم بانگهێشتنامەیە کە لە ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣ لە سامانەی سەنای هێزی دادوەریدا تۆمار کراوە، داوا لەم چالاکە مەدەنییە کراوە کە خۆی بە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە بناسێنێ و ئەگەر ئەمە نەکا، دەسبەسەر دەکرێ.

هاوکات ناوەندە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەی ئەم بەندکراوەیان خستووەتە ژێر گوشارەوە کە دەبێ خۆی بەم ناوەندە بناسێنێ و بگەڕێتەوە بۆ ئێران، ئەگەر ئەمە نەکا بە ئاگاداربوون لە شوێنی ژیانی ناوبراو، خۆیان دەیگەرێننەوە بۆ ئێران.

هێمن خاستان ناڕازیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی سنە لە ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

 ناوبراو لە ماوەی ٢٥ ڕۆژ دەسبەسەرکرانیدا لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە.

هێمن خاستان، لە ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا و دوابەدوای هەڕەشە و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکردن و کردنەوەی دۆسییەی نوێ، ناچار بە بەجێهێشتنی وڵات بووە.

ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢، هێمن خاستان لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە، سەرجەم بە ٧٤ مانگ و سێ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کرا.

هەروەها دۆسییەی ناوبراو بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات، نێردراوەتە دادگای پێداچوونەوە و لەگەڵ دۆسییەیەکی نوێ لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادگای سنە بەرەوڕوو بووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێمن خاستان، لاوی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی سنە، لە دوو کۆبوونەوەی دادگای چەند خولەکیدا، لە بانەمەڕی ١٤٠٢ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی کردەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی دروستکردنی دەستە و گرووپ بە ١٧ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران مەحکووم کراوە.

بەپێی ماددەی ٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ لەم حوکمە دەبێ جێبەجێ بکرێ.

ئەم حوکمە یەک حەفتە پاش بەڕێوەچوونی دووەمین کۆبوونەوەی دادگای هێمن خاستان، ڕۆژی ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٢ بە شێوەی زارەکی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە.

لەحاڵێکدا کە دۆسییەی هێمن خاستان لەلایەن پارێزەرەکەیەوە رادەستی دادگای پێداچوونەوە کراوە، دۆسییەیەکی نوێ دژی ئەم هاووڵاتییە لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکاندا"، لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادگای سنە بۆ ناوبراو کراوەتەوە.

هاوکات وەزارەتی ئیتلاعات بە پێوەندیی تلفۆنی، بەردەوام هەڕەشە لە ناوبراو دەکات کە خۆی ڕادەستی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە بکات، ئەگینا بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر دەکرێ.

هێمن خاستان، هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی سنە، ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ڕێگەی توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

 ناوبراو لە ماوەی ٢٥ی ڕۆژ دەسبەسەرکرانیدا لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەدا، ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی درابوو تاکوو دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەربگیردرێ.

هێمن خاستان ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

دوابەدوای هەڕەشەکان و گوشارەکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بە مەبەستی دەسبەسەرکردن و کردنەوەی دۆسییەی نوێ دژی هێـمن خاستان، ناوبراو ناچار بە چوونەدەرەوە لە وڵات بوو.

هێمن خاستان، کوڕی محەممەد و سەعیدە، لەدایکبووی ٦ی بانەمەڕی ١٣٧٣ لە سنەیە.