قووچان؛ ڕەزا بەبرنژاد ٥ ڕۆژ پاش ئازادبوونی کاتی دەسبەسەر کرایەوە

18:08 - 17 جۆزەردان 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە قووچان، ٥ ڕۆژ پاش ئازادکرانی کاتیی بە دانانی بارمتە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرایەوە و بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ڕەزا بەبرنژاد برای مێهدی بەبرنژاد لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە قووچان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٣، ڕەزا بەبرنژاد بە هۆی بڵاوکردنەوەی ستۆری سەبارەت بە مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی (ئەندامی لێژنەی مەرگ) و شاندی هاوڕێی لە ئینستاگرامەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردبوو.

شەوی هەینی ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ش، ڕەزا بەبرنژاد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا.

٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١یش مێهدی بەبرنژاد، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی قووچان لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش سێ ڕۆژ بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو، تەرمی مێهدییان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە.

ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ناوبراو بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەتی ئەمنییەتی لە گوندی "شارک" سەر بە شاری قووچان بەڕێوە چوو.