بەندیخانەی نەغەده؛ سێ هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە ئازاد کران

07:00 - 17 جۆزەردان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "شوانە خزرنژاد" کوڕی موراد، "ئەحەد خزرنژاد" کوڕی سلێمان و "ئومید خزرنژاد" کوڕی فەتاح خەڵکی گوندی "گردەبن" سەر بە شاری پیرانشار بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم سێ هاووڵاتییە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی ئازاد کراون.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، شوانە خزرنژاد و ئەحەد خزرنژاد بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، ئومید خزرنژاد پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی پیرانشار دەسبەسەر کرا.

ئەم سێ هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرابوون.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئومید، ئەحەد و شوانە خزرنژاد