بانه؛ کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەسەختی بریندار کرا

23:28 - 15 جۆزەردان 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣، کۆڵبەرێک بە ناوی "پەرویز قادری" تەمەن ٢٩ ساڵ، خەڵکی سەقز و دانیشتووی شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری بانە بەسەختی بریندار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە سنووری "نیروان"ی بانە تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم کۆڵبەرە لەم ڕووداوەدا بە هۆی بەرکەوتنی سێ فیشەک لاقی بەسەختی بریندار بووە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٣، کۆڵبەرێک بە ناوی "موزەفەر ئەسەدڕۆخ" تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی گوندی "چاوگ" سەر بە شاری مەریوان لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "ساوجی"ی ئەم شارە بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "فەجر"ی مەریوان کراوە.

ئەم کۆڵبەرە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.