چارەنووسی زانا حەسەنزادە، ڕەپێری ناڕازی دوای کاردانەوە بە مەرگی ڕەئیسی پاش ١٠ ڕۆژ دەسبەسەرکران هێشتا ناڕوونە

11:37 - 12 جۆزەردان 2724

سەبارەت بە چارەنووسی زانا حەسەنزادە، ڕەپێری بۆکانی کە ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣، دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە ئینستاگرامەکەی لە کاردانەوە بە مردنی ڕەئیسی و هەروەها دۆسییەسازیی ئەمنییەتیی پێشتر، دەسبەسەر کراوە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادری کوردپا، ئەم ڕەپێرەی خەڵکی بۆکان، ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣، لە دووکانەکەی خۆیاندا لە بۆکان، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکرانی ناوبراو، ماڵەکەشیان پشکنیوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە دۆسییەسازیی ئەمنییەتیی پێشووتر دژی ئەم هاووڵاتییە دەڵێ؛ زانا بە هۆی وتنەوەی سروود بە ناوەڕۆکی ناڕەزایەتی سەبارەت بە دۆخی کۆمەڵگە، پرسە ئێتنیکییەکان، پرسە کۆمەڵایەتییەکان، ناڕەزایەتی بە لەسێدارەدان و پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە خۆجێیەکانی حکوومەت(ناسراو بە جاش) دۆسییەسازیی ئەمنییەتیی بۆ کراوە و ڕۆژێک پێش دەسبەسەرکرانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە، لە ماڵەکەی چووەتە دەرەوە و لە دووکانەکەی خۆیان ماوەتەوە.

لە درێژەدا زانا دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک سەبارەت بە مەرگی ڕەئیسی و "سەربازەکانی ڕێبەر" دەسبەسەر کرا.

زانا حەسەنزادە، لاوی هونەرمەندی خەڵکی بۆکان، خۆی بە ڕەپێرێکی ئانارشیست دەزانێ و لە سروودەکانیدا بە بێ ترس دەپەرژێتە سەر پرسەکان.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان ددژی ئەم لاوە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.