سنە؛ ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری ژنان بە ٢١ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی هەمەدان سزا درا

00:53 - 6 جۆزەردان 2724

ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری ژنانی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد کەرەمی" بە تۆمەتەکانی "دروستکردنی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی نیزام" بە ١٠ ساڵ بەندکران، "هاوکاری لەگەڵ گرووپ و دەوڵەتانی دوژمن" بە ١٠ ساڵ بەندکران و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران سزا دراوە.

لە ئەگەری جێبەجێبوونی یاسای ڕێژەی تاوانەکان، زۆرترین سزای یەکێک لە تۆمەتە ئاماژەپێکراوەکان واتە ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ هەمەدان بۆ ئەم چالاکە کوردە جێبەجێ دەکرێ.

بەپێی سزای دەرکراو، نموونەکانی ئاماژەپێکراو دژی ئەم چالاکە کوردە "دامەزراندنی ئەنجومەنی ژیڤانۆ بە بیری فێمێنیستی و بە مەبەستی ڕووخاندن"، "بەشداریی ئامانجدار لە کۆبوونەوەکان و وتنەوەی دروشمی پێکهاتەشكێن" "پێوەندی لەگەڵ کەسانی دژە شۆڕش"، "بەشداری لە کۆنفرانس و وۆرکشۆپی فێرکاریی نێونەتەوەیی"، "بڵاوکردنەوەی وتار لە سۆشیاڵ میدیا و وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوە بە مەبەستی خراپ نیشاندانی دۆخی وڵات و ئاڵۆزکردنی کۆمەڵگە لە کاتی هەستیاردا پاش مەرگی ژینا ئەمینی" ڕاگەیەندراوە.

هەروەها لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، لە پێوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست و هاندانی خەڵک بۆ کردەوەی توندوتیژانە"، دادگای کەیفەری ٢ی سنەی بەرپرسی پێڕاگەیشتن بەم دۆسییەیە ڕاگەیاندووە و ڕەوانەی ئەم لقەی کردووە.
ئەم سزایە ڕۆژی ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣، بەم ڕۆژنامەوانە ڕاگەیەندراوە و پارێزەرەکانی ژینا بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بەم سزا قورسە، داوای پێداچوونەوەی دووبارە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەیان کردووە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بۆ وەپاڵدانی تۆمەتە ئاماژەپێکراوەکان و بەتاوانبار ناسینی ژینا مودەڕس گورجی، پشتی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەستووە. ئەم دادگایە هەروەها جێبەجێکرانی سزای ئەم چالاکی بواری ژنانە لە بەندیخانەی سنە بە هۆی "ئەگەری چالاکیی خراپکارانەی ئەمنییەتی" نیشانەی "خراپەکاربوونی ئەمنیەتی" زانیوە و بە پشتبەستن بە مادەی ٥١٣ی ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە هەمەدان دیاری کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئاخرین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە کوردە لە دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چووبوو.
ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢، ژینا مودەڕس گورجی، پاش ٨٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی، بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.

بانەمەڕی ئەمساڵ، لقی یەکی لێپرسینەوە دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، سکاڵای ژینا دژی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لەمەڕ زەوتکردنی ئازادیی تاکەکەسی، بێبەریکردن لە یاساکانی یاسای بنەڕەتی، ڕفاندن، لێدان و توندوتیژی و بێڕێزی بە مرۆڤەکانی ڕەت کردەوە و هێزەکانی ئیتلاعاتی لەمبارەوە بێتاوان ناساند.

ڕۆژی ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٢، لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی "عەلیڕەزا فاریابی"، بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، سکاڵاکەی ژینا مودەڕس‌گورجیی ڕەت کردەوە.

ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان، ڕۆژی ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٢، لە ژووری تاکەکەسیی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنەوە بۆ بەندی گشتی ڕاگوێزرابوو.
ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، ژینا مودەڕس ‌گورجی دیسانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنە دەسبەسەر کرا. 

ژینا، لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە توندوتیژیی هێزەکان دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لێپرسی دۆسییەکەی، بارمتەکەی بۆ یەک مییلیارد تمەن بەرز کردەوە.

ناوبراو پێش لە دەسبەسەرکران لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگهێشت کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشيیان لێ کردبوو کە لە ئەگەری بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنەدا، "خۆر بۆ چاوی خۆت نابینی."