ئیرەج محەممەدزادە، ڕۆژنامەوانی خەڵکی جوانڕۆ بە ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درا

00:47 - 6 جۆزەردان 2724

ئیرەج محەممەدزادە، ڕۆژنامەوان و هەواڵنێری بە پێشینەی خەڵکی جوانڕۆ، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بە دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی جوانڕۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "هادی چراغی"، ئیرەج محەممەدزادەی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" و "تێکدانی بیری گشتی" بە ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کردووە.

ڕۆژی یەکی جۆزەردانی ١٤٠٣، سزای دیاریکراو بەم ڕۆژنامەوانە کوردە ڕاگەیەندراوە و ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣ش دادگاکەی بەڕێوە چووە.

دەرچوونی ئەم سزایە دژی ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە، بە بێ مافی بەرگری و پارێزەر بووە و تەنانەت لە کاتی دادگاییەکەشا، دادوەرەکەی نەبینیوە.

ئیرەج محەممەدزادە لە سەرەتادا بۆ تۆمەتە ئاماژەپێکراوەکان ٣ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو و دواتر سزاکەی بۆ دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو گۆڕدرا.

ئەم ڕۆژنامەوانە ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ڕۆژێک بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

دواتر داوای پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی و دیاریکردنی سزاکەی لەلایەن "حەبیبوڵڵا سێپێهرئایین" دادستانی جوانڕۆوە دەرکرا.

ئیرەج محەممەدزادە، ٢٥ ساڵە کاری ڕۆژنامەوانی و هەواڵنێری دەکات. ناوبراو پێشتر سەرنووسەری گۆڤارەکانی "سۆران"، "فاڵ" و "تەماشا" بووە و ئێستا سەرنووسەری حەفتەنامەی "دەنگی هەورامان" و بەڕێوەبەری کاناڵی "تیتری غەرب"ە.