مەهاباد؛ ئازادیی کاتیی موحسن ئەحمەدزادە پاش ٣٠ مانگ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی چەند میلیاردی

23:19 - 1 جۆزەردان 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "موحسن ئەحمەدزادە" کوڕی ڕۆستەم و خەڵکی گوندی "کۆسەکەرێز" سەر بە شاری مەهاباد، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و  ناڕوونیی چارەنووسی، بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی چەند میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی و هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کراوە.

ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠،  موحسن ئەحمەدزادە بۆ دووهەمین جار پاش بانگکران بۆ دادگای ئینقلابی مەهاباد، دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.

موحسن ئەحمەدزادە بۆ یەکەمین جار ڕۆژی هەینی ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا.

دواتر لە سەرەتاکانی خەزەڵوەری ١٤٠٠دا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران بۆ یەکەم جار و کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کرد.

موحسن ئەحمەدزادە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.