قووچان؛ ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە هۆی دانانی ستۆری سەبارەت بە مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ئینستاگرامەکەی دەسبەسەر کرا
ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٣، ڕەزا بەبرنژاد برای مێهدی بەبرنژاد لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە قووچان بە هۆی بڵاوکردنەوەی ستۆری سەبارەت بە مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی (ئەندامی لێژنەی مەرگ) و شاندی هاوڕێی لە ئینستاگرامەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لە پاش دەسبەسەرکرانی ڕەزا بەبرنژادەوە بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لە دۆخی ناوبراو نییە.
شەوی هەینی ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ش، ڕەزا بەبرنژاد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا.
٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١یش مێهدی بەبرنژاد، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی قووچان لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.
هێزە ئەمنییەتییەکان پاش سێ ڕۆژ بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو، تەرمی مێهدییان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە.
ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ناوبراو بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەتی ئەمنییەتی لە گوندی "شارک" سەر بە شاری قووچان بەڕێوە چوو.