سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێکی خەڵکی بۆکان لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا

12:03 - 29 بانەمەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک بە ناوی "مەنسوور ناسری" تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵكی بۆکان لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

ئەم بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدران ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

ئەم بەندکراوە پێنج ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران سزا درا.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم هاووڵاتییە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.