بۆکان؛ کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی مەتین حەسەنی بەڕێوە چوو

20:29 - 28 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی مەتین حەسەنی، لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨، لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکان بەڕێوە چوو.

لە درێژەی ئەم کۆبوونەوەیەدا کە بە بوونی پارێزەری مەتین حەسەنی بەڕێوە چوو، ناوبراو سەبارەت بە تۆمەتەکانی "فریودان و هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بەرگریی لە خۆی کرد.

ئەم هاووڵاتییە کە لە ناڕەزایەتییەکانی ٩٨دا چاوی بریندار بووە ئێستا چاوەڕێی بڕیاری دادگایە.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣دا بۆ ئامادەبوون لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکان و وەرگرتنی ئاخرین بەرگرییەکانی، نامەیەکی پێگەیشت.

مەتین حەسەنی لە خاکەڵێوەی ئەمساڵیشدا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بانگی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی بۆکان کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، مەتین حەسەنی لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٧ لە بۆکان، بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

مەتین حەسەنی پاش ڕاگوێزران بۆ بەندیخانەی بۆکان و ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ئازاد کرا.


ئەم بریندارە ناڕازییە، لە سەرەتای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا پاڵپشتیی لە خەڵک، بنەماڵەی گیانلەدەستداوان و برینداربوانی ناڕەزایەتییەکان کرد و چەندین جار هەڕەشەی لێ کرا و بانگ کرا.

مەتین حەسەنی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە بۆکان، چاوێکی لەدەست دا.