سەقز؛ سزای ئەمجەد ساڵحزادە جێبەجێ کرا

18:42 - 25 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمجەد ساڵحزادە"، تەمەن ٣٨ ساڵ و کوڕی ئەحمەد خەڵکی سەقز، جێبەجێ کرا و ناوبراو بڕە پارەی ١٢ میلیۆن تمەنی بە لقی ٢ی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە دا.

ئەمجەد ساڵحزادە، ڕۆژی شەممە، ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی، نامەیەکی پێ گەیشتبوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد مستەفایی، بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا درا و دادگا بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزای تەعزیری، سزای ئەم هاووڵاتییەی بە پێبژاردنی ١٦ میلیۆن تمەن پارەی نەخت گۆڕی.

سزای ئەم هاووڵاتییە بەپێی ماددەی ٤٤٢، بۆ ١٢ میلیۆن تمەن کەم کرایەوە.

ئەمجەد ساڵحزادە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا بانگی ئیتلاعاتی سەقز کرا و پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز بەڕێوە چوو و ناوبراو بە "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" تۆمەتبار کرابوو.