ڕێژەی لەسێدارەدراوانی بەندیخانەی ورمێ بوو بە ٤ کەس

10:06 - 21 بانەمەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک بە ناوی "تاهیر عەبدولعەلی پوور" کوڕی عەبدولعەلی خەڵکی گوندی "بالانیش" سەر بە شاری ورمێ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا.

بەم پێیە ڕێژەی لەسێدارەدراوانی ئەم ڕۆژە گەیشتە ٤ کەس.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن ناوەندە داوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم بەندکراوە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕ بە مەبەستی جیبەجێکرانی سزای لەسێدارەدران ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی "عەبدوڵڵا حەسەنزادە" خەڵکی گوندی "یەنگیجە" سەر بە ناوچەی سۆما برادۆستی ورمێ، "حەسەن عەرەبی" خەڵکی گوندی "ئەنبێ" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ و "حەسەن چووپانی" خەڵكی پیرانشار، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.