بەندیخانەی ورمێ؛ سزای لەسێدارەدرانی سێ بەندکراو جێبەجێ کرا

16:53 - 20 بانەمەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی "عەبدوڵڵا حەسەنزادە" خەڵکی گوندی "یەنگیجە" سەر بە ناوچەی سۆما برادۆستی ورمێ، "حەسەن عەرەبی" خەڵکی گوندی "ئەنبێ" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ و "حەسەن چووپانی" خەڵكی پیرانشار، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

ئەم سێ بەندکراوە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدران ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمێ کرابوون.

ئەم سێ بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پێوەدنیدار بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر دەسبەسەر کرابوون و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوون.

هەتا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم سێ بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.