سنووری بانە؛ جەلال سۆهرابی دووهەمین کۆڵبەری کوژراو بە تەقەی هێزەکانی حکوومەت لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا

22:17 - 14 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣ جەلال سۆهرابی تەمەن چل ساڵ و خەڵکی گوندی تاژان سەر بە شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری سوورکێوی بانە کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەم کۆڵبەرە تەمەن چل ساڵە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە. ناوبراو ساڵی ڕابردووش لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەسەختی بریندار بووە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە کوژراوە بۆ نەخۆشخانەی بانە ڕاگوێزراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، شەوی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣، کۆڵبەرێک بە ناوی "هێمن ئەحمەدی" خەڵکی سەقز بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "بەستام"ی ئەم شارە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لەم کۆڵبەرە ٤٥ ساڵەیە کردووە.

هێمن ئەحمەدی لەم ڕووداوەدا سینگی پێکراوە و تەرمەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەفای سەقز کراوە.

ئەم کۆڵبەرە خەڵکی گوندی "کارێزە" سەر بە شاری سەقز، خێزاندار و باوکی منداڵێک بووە.