شنۆ؛ یووسف حاجی خۆش، ئەندامی شۆرای ناوەندیی بەرەی یەکگرتووی کورد بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

22:00 - 11 جۆزەردان 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣، یووسف حاجی خۆش، ئەندامی شۆرای ناوەندیی بەرەی یەکگرتووی کورد و خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا" سەر بە شاری شنۆ، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ئەندامەی شۆرای ناوەندیی بەرەی یەکگرتووی کورد بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزراوە.

 سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم هاووڵاتییەیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرد.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی یووسف حاجی خۆش زانیارییەکی ورد دەست نەکەوتووە.