خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ ١١٧ حاڵەتی ئاشکرای پێشلێکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان

12:47 - 8 بانەمەڕ 2724

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ڕاپۆرتی مانگانەی خاکەلێوەی ١٤٠٣دا، پەرژاوەتە سەر ١١٧ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێراندا.

٢٩ حاڵەتی دەسبەسەرکردن، ٦ حاڵەتی درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرکران و مانگرتن لە خواردنی بەندکراوانی سیاسی، ١٠ حاڵەت سزادرانی هاووڵاتییان بە بەندکران و سزاکانی دیکە، کوژران و برینداربوونی ٥٧ کۆڵبەر، کوژرانی یەک کەس بە هۆی تەقینەوەی مین، لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتەی پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر و ١٢ حاڵەت گوشار و سەرکوتی کۆمەڵگە لە دیارترین حاڵەتەکانی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە خاکەلێوەی ١٤٠٣دا بووە کە تۆمار کراوە.

ئەم ئامارە بە پشتبەستن بە حاڵەتە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا  بڵاو دەکرێتەوە و ڕەنگە ئاماری ڕاستەقینە بە هۆی سەرکوتی حکوومەتی بە مەبەستی بێدەنگکردنی بنەماڵەکان و نەبوونی ناوەندە مافی مرۆییە سەربەخۆکان کە چاوەدێری بەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی کوردستاندا بکەن، لەمە زیاتر بێت.

دەسبەسەرکران؛ ٢٩ حاڵەت

١٠ کەس لە دەسبەسەرکراوان لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان و خەدیجە مێهدی‌پوور لە پێوەندی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێدا دەسبەسەر کراون.

٣ چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی، یەک بەندکراوی سیاسیی پێشوو، یەک بنەماڵەی بەندکراوی سیاسیی پێشوو، ٢ هونەرمەند، نووسەرێک، دوو دەسبەسەرکراوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و باوکی یەکێک لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکان لەو کەسانەن کە دەسبەسەر کراون.

کیانووش چراغی، هاووڵاتیی خەڵكی ئیلام کە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست بە دوو ساڵ بەندکران و سزای تەواوکەر، سزا درابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا.

درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەکران و مانگرتن لە خواردنی بەندکراوانی سیاسی ؛ ٦ حاڵەت

درێژکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی ڕەئووف شێخ مەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە. ئەم کەسانە لە ٥ی بەفرانبار و ٣ و ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ـەوە دەسبەسەر کراون و تۆمەتی "افساد فی‌الارص"یان دراوەتە پاڵ.

مانگرتن لە خواردنی سێ بەندکراوی سیاسیی بە ناوەکانی کەیوان ڕەشۆزادە، ئەردەوان تەهووریان و شاکر بێهرووز لە بەندیخانەی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەبڕین بە دۆسییەکەیان و لێدانیان لەلایەن گاردی تایبەتی بەندیخانەوە.

حاڵەتەکانی دیکە و گوشار و سەرکوت بۆ سەر کۆمەڵگە؛ ١٢ حاڵەت

هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵی ئارمان ساعدپەنا، گۆرانیبێژی کورد لە پێوەندی لەگەڵ وتنەوەی سروود لە رێوڕەسمی نەورۆزدا

زیاتر لە ٦ حاڵی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سێ ڕێوڕەسمی نەورۆزی

داخستنی کتێبفرۆشیی ژیرا و کۆمەڵگەی بازرگانیی "بانتا" لە سنە لە پێوەندی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێدا

هاووڵاتیانی کوردی سزادراو بە بەندکران و سزاکانی دیکە؛ ١٠ حاڵەت

بەندکرانی تەعزیری؛ ٣٧ ساڵ و ٤ مانگ

بەندکرانی هەڵپەسێردراو؛ ٣ ساڵ

دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی شارەکانی دیکە؛ ٣ حاڵەت

سزای نەختی؛ ١١٧ میلیۆن تمەن

سزادرانی سامان یاسین و بەهمەن نادری لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بووە. سۆما پوورمحەممەدی ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتیی نۆژین، مەجید کەریمی ئەندانی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان، ئومید قەدیمی برای فواد قەدیمی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و تارق ڕەحیم‌پوور بەندکراوی سیاسیی پێشوو بووە. هەروەها محەممەدتاهیر حوسێنپوور، ئەمجەد ساڵحزادە و حوسێن بورکە بە تۆمەتی سیاسی بە بەندکران سزا دراون.

کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران؛ ٥٧ حاڵەت (٨ کوژراو و ٤٩ بریندار)

شێوەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران؛

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ئێران: ٣٨ حاڵەت

بەربوونەوە لە بەرزایی؛١٠ حاڵەت

تەقینەوەی مین؛ ٢ حاڵەت

سەرمابردوویی؛ ٢ حاڵەت

بەربوونەوە لە بەرزایی لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان؛ ١ حاڵەت

ڕاوەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا؛ ١ حاڵەت

برینداربوون لە ئاکامی ڕاوەدوونان لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە ؛ ١ حاڵەت

ـ سێ کەس لەم کۆڵبەرانە تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە. (هەستیار عەبدولکەریمی، کۆڵبەری تەمەن ١٥ ساڵ کە بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا، میلاد حوسێنی کۆڵبەری تەمەن ١٦ ساڵ کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار بوو و میلاد محەممەدی کۆڵبەری تەمەن ١٥ ساڵ کە بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بوو)

ـ ٢٩ کەس لەم کۆڵبەرانە لە سنووری نەوسوود، ٧ کەسیان لە سنووری مەریوان، ٧ کەسیان لە بەرزاییەکانی تەتەی هەورامان، ٦ کەسیان لە سنووری بانە، ٤ کەسیان لە سنووری سەردەشت و ٣ کەسیان لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز کوژراون و بریندار کراون.

ـ پەیمان ئەحمەدی خێزاندار و باوکی منداڵێک؛ محەممەدبایر محەممەدی خێزاندار و خاوەنی منداڵ، سۆران عەبدی خێزاندار و خاوەنی منداڵ، هەستیار عەبدولکەریمی تەمەن ١٥ ساڵ، سەعید سەلووسی خێزاندار و خاوەنی منداڵ، ئەبوبەکر ماخووزی فەر خێزاندار و خاوەنی منداڵ، شۆڕش شوکری خەڵكی مەریوان و مێهرداد عەبدوڵلازادە خەڵکی سەردەشت، ناوی ٨ کۆڵبەرێکن کە کوژراون.

کوژران بە هۆی تەقینەوەی مین؛ یەک حاڵەت

شوانێکی خەڵکی قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان لە ئاکامی تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق کوژرا.

لەسێدارەدان؛ ٢ حاڵەت

لەسێدارەدانی ١٣ بەندکراو لە ئێران لەوانە ٢ بەندکراوی سیاسیی کورد لە پێوەندی لەگەڵ تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر بە ناوەکانی ئەفشین باغ شیرین و ئەرسەلان هاشمی

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە