دەسبەسەرکرانی سێ کۆڵبەر لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە لە سنووری بانە و سزادرانیان بە سزای نەختی
01:16 - 6 بانەمەڕ 2724
شەوی سێشەممە، ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سێ کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "خالید مەحموودی"، "عەلی کەریمیان" و "سەعدوڵڵا ئەمینزادە" خەڵکی گوندی "بڵەسەن"، سەر بە شاری بانە، لە سنووری "زڵە"ی ئەم شارە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەسبەسەرکران و بە پێبژاردنی سزای نەختی سزا دران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هیزە نیزامییەکانی حکوومەت ئەم سێ کۆڵبەرەیان بە گومانی گواستنەوەی شتومەکی قاچاخ دەسبەسەر کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی بانەمەڕ، ئەم سێ کۆڵبەرە لە پاسگای "زڵە"ەوە ڕەوانەی دادگای بانە کراون و هەر کامیان بە پێبژاردنی ٣٠ میلیۆن تمەن پارەی نەختی سزا دراون.
ئەم سێ کۆڵبەرە پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی دادگا و دەرچوونی سزاکانیان ئازاد کراون.
وێنە: خالید مەحموودی، عەلی کەریمیان و سەعدوڵڵا ئەمینزادە