٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ «هیوا عەبدوڵڵاهی»، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و چالاکی مەدەنی، دوای ٢٨ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتەی قورسی ١٠ میلیارد تمەنی ئازاد کرا. ناوبراو ١٣ ڕۆژ پێشتر، دوای گواستنەوەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد، شوێنەواری ئەشکەنجە و شکان لە قەفەسەی سینگیدا بینراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ بەیانیی ئەمڕۆ، ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، «هیوا عەبدوڵڵاهی» دوای ٢٨ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لە گرتنگەی ئەمنیی ئیتلاعاتی سپا و بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد، بە دانانی بارمتەی قورسی ١٠ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، «هیوا عەبدوڵڵاهی» بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەیدا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو دوای ١٥ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و لێپرسینەوە، هاوکات لەگەڵ ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و ڕۆحی کە بووەتە هۆی شکانی دوو پەراسوو لە قەفەسەی سینگیدا، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە و دوای ١٣ ڕۆژ ڕاگرتن لەم بەندیخانەیەدا، ئەمڕۆ ئازاد کرا.
ناوبراو لە ماوەی ١٥ ڕۆژی دەسبەسەرکردنیدا لە گرتنگەیەکی ئەمنی، لە هەر چەشنە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر و مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن بە بنەماڵەکەی بێبەش بووە و لە ماوەی ١٣ ڕۆژی دەسبەسەرکردنیشیدا لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
هیوا عەبدوڵڵاهی، چالاکی مەدەنی، یەکێک لە ڕاهێنەرانی وەرزشە ڕەزمییەکان لە مەهابادە.





