مەتین حەسەنی، لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨ بانگی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی بۆکان کرا

01:11 - 6 بانەمەڕ 2724

مەتین حەسەنی، لە خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨ کە چاوی بریندار بووە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بانگی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی بۆکان کرا.

ئەم هاووڵاتییە بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە ڕۆژی ٣٠ی خاکەلێوە پێی گەیشتووە، دەبێ لە ماوەی ٥ ڕۆژدا بە مەبەستی وەرگرتنی ئاخرین بەرگری لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی بۆکان ئامادە بێت.

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، مەتین حەسەنی لە بۆکان و بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کرا.

مەتین حەسەنی لە سەرەتای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییەوە پشتیوانیی لە خەڵک، گیانلەدەستداوان و بریندارانی ناڕەزایەتییان کرد و چەندین جار هەڕەشەی لێ کرا و بانگ کرا.

مەتین حەسەنی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لە ناڕەزایەتییەکانی ٩٨دا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە بۆکان، چاوێکی لەدەست دا.