سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی کرمان جێبەجێ کرا

20:28 - 2 بانەمەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێکی کورد بە ناوی "جەماڵ مەردانی"، خەڵكی شاری میاندواو، لە بەندیخانەی کرمان جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە ڕۆژی شەممە، یەکی بانەمەڕی ١٤٠٣، بۆ ئاخرین جار لە بەندیخانەی کرمان چاوی بە بنەماڵەکەی کەوتووە.

ئەم بەندکراوە کوردە چوار ساڵ پێش ئێستا، بە تۆمەتی پێوەندیدار بە "تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر"، لە کرمان دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە لەسێدارەدران سزا درا.

جەماڵ مەردانی تەمەن ٥٤ ساڵ و کوڕی حوسێن، خەڵکی گوندی "گوێگجەلی" سەر بە شاری میاندواو، خێزاندار و باوکی چوار منداڵ بووە.

هەتا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان یان میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.