ئیلام؛ محەممەد عەباسزادە هونەرمەندی کورد پاش بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز دەسبەسەر کرا

22:04 - 9 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، محەممەد عەباسزادە، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی ئیلام پاش بەشدداریکردن لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکەی ناوچەی "شۆهان"ی ئەم شارە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هونەرمەندە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەمەی١٤٠٢ش ئەم هونەرمەندە کوردە بە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە گۆرانی وتنی هەندێ لە گۆرانیبێژە حکوومەتییەکان بۆ پشتیوانی لە هەڵبژاردنەکان، لەلایەن ئەماکنی ئیلامەوە بانگ کرا و پاش هەڕەشە و وەرگرتنی بەڵێنی زۆرەملێ ئازاد کرا.

بانەمەڕی ١٤٠٢، ئەم هونەرمەندە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئیلامەوە بە تۆمەتەکانی "بێڕێزی بە ئیمامەکان و بڵاوکردنەوەی درۆ"، بە ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران، پیبژاردنی ٢٤ میلیۆن سزای نەختی و سزای تەکمیلی سزا درابوو.

ئەم هونەرمەندە هەروەها بە نووسینی ٥٠ لاپەڕە وتار بە دەستوخەتی خۆی سەبارەت بە "ئەنجامی بێڕێزی بە پیرۆزییەکان لە قیامەت" مەحکووم کرابوو.

محەممەد عەباس‌زادە، پێشتریش لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە و نائارامییەکان، خوێندنی سروود بۆ ژینا ئەمینی، تێکدانی بیری گشتی و پێوەندی لەگەڵ دوژمنان" بە یەک ساڵ زیندانی تەعلیقی و دانی ٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرابوو.

محەممەد عەباس‌زادە، ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش چەند ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی، بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزرابوو.

ئەم هونەرمەندە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی ئیلام ئازاد کرابوو.